ئەمڕۆ ڕێکەوتی 21 ئه‌یلول ساڵی 2019 زایینی
آموزش وردپرس

زیندانیکردنی 8 کەس بە تاوانی ڕەخنەگرتن لە شێوەی یارمەتیدانی بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەردەشت، بۆکان، سنە و کرماشان هەرنەبێ 8 کەسیان بە تاوانی ڕەخنەگرتن لە کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی دەوڵەتی و حکومەتی لە یارمەتیدانی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان گرتوە.
ئەرژەنگ زەرگوش، هەواڵنێری بڵاوکراوەکانی پارێزگای کرماشان کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا بەبڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ویدیۆیی لە بارودۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان رەخنەی لە کاربەدەستان گرتبوو، ڕۆژی 2ی سەرماوەز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی گەیلانی ڕۆژاواوەوە دەسبەسەر کرا.
زەرگوش لەو ویدیۆیەدا گوتبووی کاربەدەستان و بەرپرسانی دەوڵەتی و حکومەتی هیچ خزمەتێکی خەڵک ناکەن، خەڵک لێیان ناڕازین و نایانەوێ چاویان پێیان بکەوێ. ناوبراو پێشتریش چەند جارێک بە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کرابوو.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە سەردەشتیش سێ چالاکی مەدەنی بەناوەکانی ڕەحمان مەدەنی، ئیدریس مەحموودی و جوانڕۆ قادری و هەروەها مامۆستا سەلام گوڵنەواز، مامۆستای ئایینی گوندی شیوە برایمی سەردەشت هەر بەو تۆمەتە و لەو پێوەندییەدا گیراون.
پێش دەسبەسەرکرانی ئەو کۆمەڵە چالاکە لە شاری کرماشان و ڕۆژی 29ی خەزەڵوەریش چالاکێکی مەدەنیی ئەو شارە بەناوی قاسم زەڕگەڕزادە دەسبەسەر و زیندان کرا. تاوانی ئەویش ڕەخنەگرتن لە دامودەزگا ئیداری و حکومەییەکان و کاربەدەستان سەبارەت بە شێوەی بەهاناوەچوونی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان بووە.
ڕۆژی پێش ئەو ڕووداوەش لە میراوای بۆکان کەسێک بەناوی مەجید حەسەنیانی بە تاوانی! ڕەخنەگرتن لە قەسیم عوسمانی سەبارەت بە چەواشەکارییەکانی لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی دوای بوومەلەرزەکەی کرماشان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە گیرا.
ڕۆژی 25ی خەزەڵوەریش شەهرام فەرهادی، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی سنە لە کاتی بارکردنی یارمەتییەکانی خەڵک بە بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان لەلایەن حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنەوە دەسبەسەر و زیندانی کرا.
شایانی باسە کە تا ئێستا هەواڵێک لە چارەنووسی ئەو دەسبەسەرکراوانە نەزاندراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code