ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، ژن و مێردێکی لاوی خەڵکی بانە بە ناوەکانی “سامان کەریمی” و “فەرزانە ڕەشیدی”، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و وێڕای تێپەڕینی ٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنیان، هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی ڕاگەیاند: ئەم دوو هاوژینە بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەر کراون و هێزە ئەمنییەکان دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندوون و وێڕای پشکنینی ماڵەکەیان، دەستیان بەسەر مۆبایل و کەرەستەی کەسییاندا گرتووە.
فەرزانە ڕەشیدی خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری بانەیە و سامان کەریمی بەندکراوی سیاسیی پێشووە کە خەزەڵوەری ١٣٩٧ لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و دوای ساڵێک بەندکران، لە دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “سەعیدی”، بە تۆمەتی “بەغی لە ڕێگای ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزام”، بە سێدارە و ١٣ ساڵ بەندکران حوکم درابوو، کە ئەم حوکمە لە کۆتاییدا لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرابووەوە.
هەروەها لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە لە پووشپەڕی ١٤٠٠دا، ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردەی بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و دروستکردنی گرووپ بە مەبەستی هەوڵدان دژی تەناهیی وڵات”، بە چوار ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزام” بە چوار ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام” بە ساڵێک بەندکران حوکم دابوو کە بەپێی یاسای تەجمیعی حوکمەکان، ٤ ساڵی دەبا جێبەجێ کرابا.