ڕۆژی یەکشەممە ١١ی جۆزەردان، ١٥ کەس لە چالاکانی پیشەییی مامۆستاینی کوردستان، بە تۆمەتی “تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی”، بەپێی نامەیەک بانگی لقی ١٠٩ دادگای کەیفەریی دووی سنە کران.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی: ئەم مامۆستایانە بریتین لە “شەهریار نادری، ئارام ئیبراهیمی، محەممەدڕەزا مورادی، سەلاحەدین حاجی میرزایی، بێهزاد قەوامی، سەید غەیاس نێعمەتی، ڕەزا تەهماسبی، سادق کەنعانی، مەجید کەریمی، موختار ئەسەدی، فاتمە زەندکەریمی، نەسرین کەریمی، فەیسەڵ نووری، ڕزگار حەیدەری و کوروش عزەتی ئەمینی.”
ئەم چالاکە پیشەیییانە بەپێی ئیبلاغییەیەک کە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی جۆزەردان بەدەستیان گەیشتووە، دەبێ ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردان، بە مەبەستی پێشکەشکردنی دوایین داکۆکیکردن، لە لقی ناوبراودا ئامادە بن.
دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە، ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمە، بە دەرکردنی ئیددیعانامە بۆ ئەم چالاکانە، بە پشتبەستن بەوەی کە ئەوان لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی جۆزەردانی ١٤٠١دا بەشدار بوون، داوای دەرکردنی حوکمی سزای بۆ کردوون.