قوتابییەکی پۆلی یازدەی قوتابخانەی “مێعراج”ی بۆکان بە ناوی “ئیحسان حەمزەزادە” کوڕی عوسمان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و دوای تێپەڕینی چوار ڕۆژ هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی گوت: ئەم قوتابییە ١٧ ساڵەیە خەڵکی گوندی “قالوێ” و دانیشتووی میراوێی بۆکانە و دوای ئەوەی ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بانگی کتێبخانەی گشتیی ئەم شارە کرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابووەوە.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: هێزە ئەمنییەکان بە فرتوفێڵ لە نزیک کتێبخانە بە چەند ماشین ئیحسانیان گەمارۆ داوە و دواتر ڕفاندوویانە.
تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم تازەلاوە کە لە جێژنە نەورۆزییەکان چالاک بووە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.