ئەمڕۆ ڕێکەوتی 21 ئه‌یلول ساڵی 2019 زایینی
آموزش وردپرس

تازەترین ئاماری زیان و خەسارەکانی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان

بوومه‌له‌رزه‌که‌ی شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌ له‌سه‌ر دووشه‌ممه‌، 22ی خه‌زه‌ڵوه‌ر که‌ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، چه‌ند ناوچه‌یه‌کی ئێران و به‌شێکی زۆر له‌ باشووری کوردستانی گرته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ زه‌ره‌ و زیانی گیانی و ماڵیی زۆری لێ که‌وتۆته‌وه‌.
سەرچاوە ڕەسمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێن به‌هۆی ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ که‌ ناوه‌نده‌ زانستییه‌کانی تۆمارکردنی له‌رینه‌وه‌ی زه‌وی به‌هێزییه‌که‌یان ۷.۳ڕیشتێر ڕاگه‌یاندوه‌، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هەتا ئێستا 407 کەس گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و 6700 که‌سیش بریندار بوون و گه‌ڕان به‌ دوای قوربانیانی دیکه‌ی ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ له‌ژێر داروپه‌ردووی ڕووخاوی بینا و خانووبه‌ره‌کان درێژه‌ی هه‌یه‌.
چالاکان و هەڵسووڕاوانی خۆبەخشیش دەڵێن بەهۆی ئەوەی زۆر لە برینداران بارودۆخی سڵامەتییان نالەبارە و هەروەها بەهۆی کەمتەرخەمییەکان لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی و کەمیی داوودەرمان وێدەچێ ژمارەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە لەوە زیاتر بێ.
کاربەدەستانی پارێزگای کرماشان دەڵێن بەهۆی زۆریی بریندارانی ئەو بوومەلەرزەیە یارمەتییان لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی درواسێی وەک هەمەدان و ئیلام و سنە وەرگرتوە و زیاتر لە هەزار کەس لەو بریندارانەیان بەڕێی نەخۆشخانەکانی ئەو شوێنانە کردوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و سەلاسی باوەجانی زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە و بەشی زۆری زیانەکان، جیا لە زیانە گیانییەکە پێوەندی بەو باڵەخانە و پڕۆژەکانی بیناسازیی “مسکن مهر”ە کە دەوڵەت دروستی کردوون و بە خەڵکی فرۆشتوون. ئەو پڕۆژانە دوای ئەو بوومەلەرزەیە هەر هەموو زیانیان پێگەیشتووە و دەرکەوتوە کە کەمترین ستاندارد لە دروستکردنیاندا ڕەچاو کراوە.
شایانی باسە کە کەمیی پێڕاگەیشتنی خێرا وەک خێوەت و خواردن و پەتۆ، کەمیی داوودەرمان و ئیمکاناتی پزیشکی و خاوەخاوی زیادە و بێ مودیرییەتی لە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بەشێک لەو ڕەخنانەی کە خەڵک لە دەوڵەت و دەزگا و ناوەندە بەرپرسیارەکانیان هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code