ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندان، “قانع خاتری”، لە چالاکانی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی: ناوبراو بەبێ حوکمی دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەر کراوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە ساڵی ١٤٠٠یش دەسبەسەر و لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “سەعیدی”، بە تۆمەتگەلی “پڕۆپاگەندە دژی نیزام”، “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەت” و “پێکهێنانی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان”، بە دوو ساڵ بەندی تەعزیری حوکم درا کە بەهۆی “تەسلیم بە ڕەئی”، ئەم حوکمە بۆ ١٨ مانگ بەند کەم کرابووەوە.
قانع خاتری ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠، لەگەڵ شەش چالاکی دیکە و لە ئەندامانی کەمپەینی خێرخوازیی “ژیانەوەی کوردستان”، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و ڕێکەوتی ٦ی جۆزەردان دوای ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن، لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.