ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هاونیشتمانییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی “ئەمجەد ساڵحزادە”، لە شوێنی کاری خۆی (مۆبایلفرۆشی) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ حوکمی دادوەر و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەر کرا.
ئەم هاونیشتمانییە کە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١یش دەسبەسەر کرابوو، سەرەتاکانی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر “جەواد مستەفایی”، بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام” بە سێ مانگ بەندی تەعزیری حوکم درا و دادگا بەپێی یاسای کەمکردنەوەی سزای تەعزیری، حوکمی بەندی ئەمجەدی بۆ دانی ١٦٠ ملیۆن ڕیاڵ سزای نەختی کەم کردەوە.
تا ئێستا لە شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاونیشتمانییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.