ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣، شەش کەس لە چالاکانی کرێکاریی سنە بە ناوەکانی “شەیس ئەمانی، سەید خالید حوسێنی، جەماڵ ئەسەدی، سووسەن ڕازانی، ئیقباڵ شەعبانی و فەردین میرەکی”، لە لقی دووی لێپێچینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە، تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان پێ ڕاگەیەندرا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی: ئەم چالاکە کرێکارییانە بە “پڕۆپاگەندە دژی نیزام و شێواندنی بیروڕای گشتی” تۆمەتبار و دوای پێڕاگەیاندنی تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان، بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
ئەم هاونیشتمانییانە ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٣، بەپێی ڕاگەیاندننامەیەک بانگی لقی دووی لێپێچینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە کرابوون کە بەو پێیە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان بریتی بووە لە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی دایە فەراسەت جەعفەرقشڵاقی، لە دایکانی دادخوازی سنە و خوێندنەوەی سروود بووە.