یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، خەڵکی گوندی “خوشۆلا” سەر بە شاری ورمێ بە ناوی “میحراب عەبدوڵڵازادە”، کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارەدایە، لەلایەن دادگای شۆڕشەوە بە سێدارە حوکم درا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە گوتی: لە دۆسیەی ناوبراودا کوشتی یەکێک لە هێزەکانی بەسیج هاتووە کە بووەتە هۆی وەپاڵدانی تۆمەتی بەغی و دەرکردنی حوکمی سێدارە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی “نەجەفزادە”.
ئەم بەندکراوە ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا لە شارەکی “وەلیعەسر”ی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترابووەوە.
شایانی باسە کە ئەم حوکمە خەرمانانی ئەمساڵ ڕاگەیەندراوە و بنەماڵەی عەبدوڵڵازدە بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی ناوەندە ئەمنییەکان، تا ئێستا بێدەنگ بوون.