لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، حوسێن حوسێنی لە چالاکانی فەرهەنگی و مافی مرۆڤی خەڵکی مەریوان وێڕای لەگەڵ بنەماڵەکەی، دوای دەسبەسەرکرانیان لە تورکیە، ڕەوانەی کەمپی “موغێلا”ی ئەم وڵاتە کراون و مەترسیی جیددیی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێرانیان لەسەرە.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی ڕاگەیاند: کاک حوسێن لەگەڵ هاوسەرەکەی، نەسرین خۆشنەوازیان، لە چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان، هەروەها دوو منداڵەکەیان کە تەمەنیان ١٠ و ١٣ ساڵە، دوای گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ناچار بوون وڵات بەجێ بهێڵن و لە تورکیە دەسبەسەر کراون.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: ئەم دوو هاوژینە، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی چالاکییە فەرهەنگی، مەدەنی و مافی مرۆیییەکانیان، لەژێر چاوەدێریی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بوون و چەندین جار بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە. لە کۆتاییدا حوسێن لە پاییزی ٩٨دا ناچار بوو وڵات بەجێ بهێڵێت و لەو کاتەوە هەتا ئەم دوایییانە لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە.
ئەم سەرچاوەیەی نزیک لەم بنەماڵەیە لە درێژەدا وتی: هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان (بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی)، گوشارەکان و هەڕەشە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دژی نەسرین خۆشنەوازییان و بنەماڵەکانیان چڕتر بووەوە و چەندین جار بانگی ناوەندە ئەمنییەکانی مەریوان، سنە و تەنانەت ورمێش کران. ئەم گوشارانە زیاتر بوونەوە، بۆیە ئەوان بڕیاریان دا لە وڵات دەربچن و پەنا ببەنە ئورووپا.
حوسێن حوسێنی و هاوسەر و منداڵەکانیان، پاییزی ئەمساڵ بە مەبەستی پەنابەری چوونە تورکیە (حوسێن لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە و نەسرین لە ڕێگەی ئێرانەوە) کە هەفتەی ڕابردوو کاتی دەرچوون لەم وڵاتە، لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە دەسبەسەر و ئێستا لە کەمپی پارێزگای “موغێلا” دەسبەسەرن.
شایانی باسە کە نەسرین بەهۆی گوشارە ئەمنییەکان، تووشی خەمۆکیی توندە و نەخۆشیی برینی گەدەی هەیە و لەم دۆخەدا پێویستی بە چارەسەریی پزیشکیی خێرا هەیە.
بنەماڵە و هاوکارانی پێشووی ناوبراوان لە ناوەندە مەدەنییەکانی مەریوان، داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و بەرپرسانی پەیوەندیدار دەکەن کە یارمەتی و پشتیوانیی خۆیان لەم بنەماڵە فەرهەنگییە بکەن و ڕایانگەیاندووە: ئەگەر ئەم بنەماڵەیە دیپۆرتی ئێران بکرێنەوە، ژیانیان دەکەوێتە ژێر مەترسیی جیدییەوە.