مامۆستامەلا “محەممەد خزرنژاد”، دوای تێپەڕینی ٢٢ مانگ بەند، لە ناڕەزایەتی بە حوکمە سەپێندراوەکان بە دژی (حوکمی لەسێدارەدانی پێشتر، ١٥ ساڵ بەند، ساڵێک بەند و لە ئێستادا ٢٥ ساڵ بەند)، مانی لە خواردن گرتووە.
ئەم مامۆستا ئایینییە کە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ مانگرتن لە خواردنی دەست پێ کردووە، لە چواردەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و مەترسیی گیانیی لەسەرە.
ناوبراو پێشتر بە ڕەتکردنەوە هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی، ئەوانی بە بێ بنەما، ناشەرعی، نایاسایی و نائەخلاقی زانیبوو.
مامۆستا لەمەڕ ئەم خاڵانە ناڕازییە: “شێوازی دەسبەسەرکردن، لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی درێژماوە، دیاریکردنی مەرجەعی دادوەریی ناساڵح (دادگای شۆڕش بەجێی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت، وێڕای ٢٤ ساڵ پێشینەی بەرنوێژیی هەینی و جەماعەت و وانەگوتنەوە)، بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا لە چەند خولەکدا بە شێوەی ڕواڵەتی و ئەلکترۆنیکی بەبێ ڕوونکاریی پێویست و هیچ جۆرە پرسیار و وڵامێک.”