هاونیشتمانییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی “محەممەدڕەزا قەیتەرانی”، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “دوستی”، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزام”، شەش مانگ بەندی تەعزیری بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆژەکانی دەسبەسەریی بەسەردا سەپێندرا و ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەری ئەمساڵ، ئەم حوکمەی پێ ڕاگەیەندراوە.
ئەم هاونیشتمانییە تەمەن ٢٢ ساڵەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ئەمساڵ، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان، بە شێوەی توندوتیژ و بەبێ حوکمی دادوەر، دەسبەسەر کرابوو.
محەممەدڕەزا قەیتەرانی، ١٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسی، لە بەندیخانەی مەهاباد بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ناوبراو پێشتریش لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی”، ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و دوای سێ مانگ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.