لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەیاد دەرویشی برای “فەرجاد دەرویشی”، لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی”، بۆ جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.
ئەم هاونیشتمانییە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ، تۆمەتی “تەبلیغات دژی نیزام”ی خرابووە پاڵ.
سەیاد دەرویشی ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە یەکێک لە شەقامەکانی ورمێ دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٢ مانگ بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدا بوو. پاشان ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
فەرجاد دەرویشی تەمەن ٢٣ ساڵ، خەڵکی گوندی “بالوو” سەر بە ورمێ، ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا، لە ناوچەی وەلیعەسری ورمێ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت، گیانی لەدەست دا.