پەیجی ڕێكخراوی “نۆژین” لە ئینستاگرام ڕایگەیاند: سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی “نۆژین” لە شاری سنە، پێشتر لە دوو پەروەندەی جیاوازدا بەتۆمەتی تێکدانی ئاساییشی گشتیی، سزای ١١ ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوەی بۆ شاری کرماشانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە بێتاوان ناسێنرا و بە فەرمی ئەو بڕیارەیان پێ ڕاگەیاندووە.
ناوبراو لە سەرەتای ئەمساڵدا، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی قازی “کەرەمی”، بەتۆمەتی پێکهێنانی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ١٠ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشانی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها لە پەروەندەیەکی دیکەشدا بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکان سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.