زیندانییەکی سیاسیی کورد کە ماوەی زیاتر لە 24 ساڵە لە زیندان دایە، پتر لە 70 ڕۆژە مانی گرتوە. چالاکانی مافی مرڤ داوا دەکەن محەممەد نەزەری مانگرتنەکەی بشکێنێ، بەڵام ئەو دەڵێ تا وەڵامی داواکانی نەدرێتەوە، واز لە مانگرتنەکەی ناهێنێ.
محەممەد نەزەری لە ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ مانگرتنەکەی دەست پێکرد و ڕایگەیاند هەتا ڕازیبوونی دەزگای قەزایی بە (اعادە دادرسی) و بەکار بردنی ماددەی ١٠ ئایینی دادڕەسی درێژە بە مانگرتنەکەی دەدا.
محەممەد نەزەری، لە دایکبووی ساڵی 1350 ساڵی 1373 لە شاری بۆکان بە تۆمەتی ئەندامەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گیرا و لە دادگای ورمێ بە بڕیاری قازی جەلیلزادە، سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا. ئەو حوکمە ساڵی 78 ی هەتاوی بۆ زیندانی ئەبەد گۆڕدرا.
ئەو بەندییە سیاسییە لە ماوەی ئەو 24 ساڵەدا چەند جار نامەی بۆ هاشمی شاهرووسی، محەممەد یەزدی و سادق لاریجانی، سێ سەرۆکی دەزگای قەزایی ناردوە و داوای پێداچوونەوە بە پەروەندەکەیدا کردوە، بەڵام لەلایەن هیچ کام لەوانەوە وەڵامی وەرنەگرتەوە.
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە لە ەبندی 4ی ساڵۆنی 12ی ئەو زیندانەدا بەند کراوە، نەخۆشیی دڵی هەیە و دیسکی کەمەری گرتوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادگای مەهاباد ڕەزایەتی لەسەر نییە، بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان نانێردرێ.
بارودۆخی خراپی سڵامەتیی محەممەد نەزەری دوای 24 ساڵ مانەوە لە زیندان لە حاڵێک دایە کە ئەو لەو ماوەیەدا لە هەرچەشنە مافی مەرەخەسییەکیش بێبەش بووە.
شایانی باسە بارودۆخی سڵامەتیی محەممەد نەزەری دوای 70 ڕۆژ مانگرتن زۆر خراپە، فشاری خوێنی بە تەواوی دابەزیوە و دڵی زۆر بە سستی لێ دەدا، هەروەها توانای قسەکردنی نەماوە و لە یەک حەوتووی ڕابردوودا چەند جار لە بێهداری زیندان خەوێندراوە و جارێکیش بەڕێی نەخۆشخانە کراوە.