عەبدەنوور جەمشاهی لە ئیلام بە تاوانی بانگەشە بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان دەسبەسەر کرا.
لە بەردەوامیی دژایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان و پێشوازیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە بڕیاری سەربەخۆیی باشووری نیشتمانەکەیان، ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە کوردستان شەپۆلێکی نوێیان لە دەسبەسەرکرانی چالاکانی کورد دەست پێکردوە.
هەر لەو پێوەندییەدا عەبدەنوور جەمشاهی، خەڵکی مەلەکشاهیی ئیلام بە تۆمەتی تەبلیغ بۆ رێفراندۆم و لایەنگری لە حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراوە. ناوبراو کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، چەند ساڵ پێشتریش بە تاوانی کوردایەتی گیرابوو.
جێی بیرهێنانەوەیە لە ڕۆژی سێ شەممە ٢٨ی خەرمانان، 12 کەس لە دوکاندارانی “سرای فخرالدین”ی سنە پاش پاش ئەوەی پشتگیری خۆیان بۆ ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان دەربڕیبوو، لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
پاش ئەشکەنجە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و دوای یەک ڕۆژ لە دەستبەسەر کران، هەشت کەس لەو هاووڵاتییانە ئازاد کراون و هێشتا چوار کەس لەوان لە زینداندا ڕاگیراون و ناوی یەک لەوان ڕامیار لاهووتی، راگەیەندراوە.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خەرمانان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سنە هەڵیان کوتایە سەر گوندی مێراو و ٤ کەسیان دەستبەسەر کرد. ئەو چوار کەسەش کە عارف کوهی، سەروەر روستەمی، تەیموور عەزیزی و بێهروز عەزیزی یان ناوە، بە تۆمەتی ”هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران“ دەستبەسەر کراون.