ئێوارەی چوارشەممە ۱۶ی ڕەشەمە، سیاوەش حەیاتی، سكرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد و وتەبێژی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، کە لە زیندانی دیزڵ ئاوای کرماشان بەند کرابوو، پاش تەواو بوونی ماوەی یەک ساڵ حوکمەکەی ئازاد کرا.
سیاوەش حەیاتی ڕۆژی هەینی ١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە گوندی “وەرگمە” سەر بە شاری داڵاهۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر كرابوو.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١، لە ئیدارەی ئیتلاعات لە کرماشانەوە بۆ زیندانی دیزڵاوا گواسترایەوە و ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
ئەو چالاکە مەدەنی و سیاسییە لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی کرماشان کە لە شاری شاباد جێگیرە، بە تۆمەتی ”چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم، لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ کاناڵ و میدیاکانی دژبەری ڕێژیم و هەروەها ”هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی وڵات” بە یەک ساڵ زیندان سزا درابوو.