ناوەندی ئاماری مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)، کورتە ڕاپۆڕتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو دەکاتەوە.
سێدارە:
بەپێی ئامارەکانی “چاونیوز”، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ی زاینیی دا، لانیکەم حوکمی لەسێدارەدانی ٤٨ هاونیشتمانی کورد لە بەندیخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە
هەر لەو ماوەیەدا ٤ بەندکراوی سیاسی، بە ناوەکانی هیدایەت عەبدوڵاپوور، مستەفا سەلیمی، سابیر شێخعەبدوڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە، بەتۆمەتی سیاسی ئەمنییەتی لەسێدارە دراون و لەو نێوانەدا سزای هیدایەت عەبدوڵاپوور گوللەباران بووە.
دەست بەسەرکراوان:
لەماوەی ئەمساڵدا(٢٠٢٠) زیاتر لە ۶٢٨ هاونیشتمانیی کورد کە ناسنامەیان بۆ “چاونیوز” ڕوون بۆتەوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
لەو ژمارەیە، ٢١٤ کەس لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە دادگایی کراون، کە سزای لانیکەم ٤ کەسیان لەسێدارەدان بووە.
٢١٠ کەسی دیکە لە دادگایی کراوان سزای ١٠ هەزار و ٧٣ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە، کە سەرجەم دەکاتە ٨٤٠ ساڵ بەندکردن.
کوشتاری کۆڵبەر و کاسبکارانی کورد:
لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ی میلادی، لانیکەم ٢٣٣ کۆڵبەر و کاسبکاری سەر سنوور و ڕێگابانەکان لەلایەن هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژرا و بریندار بوون، کە لەم ژمارەیە ٧٤ کەس گیانی لەدەسداوە و ١٥٩ی کەسیش بریندار بوونە.
بەشی هەرە زۆری ئەو کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆ پێکراوان، بەشێکی کەمیشیان بە هۆکاری بەربوونەوەی لە بەرزاییەکان، تەقینەوەی مین، سەرمابردوویی بووتنە قوربانی سیاسیەتی برسی کردنی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
تەقینەوەی مین:
٧٠ هاونیشتمانیی کورد لە یەک ساڵەی ٢٠٢٠ی زایینی لە سنوورەکانی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییە بەجێماوەکانی دوای شەڕی عێراق و ئێران گیانیان لەدەستداوە کە ناسنامەی ٣١ کەسیان لەبەردەستی “چاونیوز” دایە.
لەو ژمارەیە ١٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٢١ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوونە.
خۆکوژی:
بەهۆی سیاسەتە نابەجێیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت لە بواری ئابووری و شڵەژانی کۆمەڵگا هەروەها بێکاری، هەژاری و کێشەی خێزانی، چاونیوز توانیوەتی سەرجەم هەواڵی خۆکوژی ٢٠٥ کەس بڵاو بکاتەوە کە لەم نێوەدا شوناسی ١٥٢ کەسمان تۆمار کردووە.
پشکی هەرەزۆری ئەو خۆکوژییانەی وەبەر ژنان کەوتووە.
لەو خۆکوژییانەدا، کەم تەمەنترینیان مناڵێکی ١٢ ساڵانە و بە تەمەنترینیش ژنێکی ٦٠ ساڵانە بووە.