5 کۆڵبەری کۆڵبەری کورد لە پیرانشار و سەردەشت کوژران و بریندار بوون
بەهۆی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها تەقینەوەی مین پێنج کۆڵبەری کورد لە پیرانشار و سەردەشت کوژران و بریندار بوون.
ڕۆژی سێشەممە، 30ی خەزەڵوە لە سەردەشت کۆڵبەرێک بەناوی ئیدریس مەحموودی کەوتە سەر مین و بە توندی بریندار بوو. ڕۆژی دووشەممە، 29ی خەزەڵوەریش تەقینەوەی مین لە لە پیرانشار ببووە هۆی برینداربوونی کۆڵبەرێک. لوقمان وەحیدی کە خەڵکی گوندی “مێشەدێ”ی پیرانشارە، لە کاتی داگەڕان لە چیای “کانی خوا” کەوتە سەر مین و لاقێکی پەڕی.
هەر هەمان ڕۆژ پۆلێک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە درانە بەر دەستڕێژ بەو هۆیە یەک لەوان بەناوی حەسەن مرادی گیانی لە دەست دا و دوو کۆڵبەری دیکەش بەناوەکانی ڕەحمان مەحموودنیژاد و سمکۆ ئەحمەدیان بە توندی برینداربوون.
ئامارەکانی چاونیوز دەڵێن لە دوو مانگی پاییزی ئەمساڵدا هەرنەبێ 25 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون، هەر لەو دوو مانگەدا 12 کەسیش بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون.