پاش نزیک بە سی ساڵ دوای کۆتایی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و ئێراق، هێشتاش مین و تەقەمەنییە نەتەقێنراوەکان لەو شوێنانەی پێشتر شوێنی شەڕ و پێکدادان بوون، قوربانیان لێدەکەوێتەوە.
بەرزبوونەوەی ٢٣ لە سەدی قوربانییەکانی مین لە چاو ساڵی ٩٤ نیشانەی کەمتەرخەمی بنیاتی نەتەوەیی مینە لە هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین لەو ناوچانەی پێشتر مین و تەقەمەنییان لێ چینراوە. بەگوێرەئ ئەو ئامارەی نووسەر کۆی کردۆتەوە ٥٩ کەس لە ساڵی ٩٥دا بوونەتە قوربانی مین کە ١٨ کەسیان مردووون و ٤١ کەسیشیان بریندار بووون.
لەو قوربانیانە ٨ کەسیان ژن و منداڵ بوون. سێ کۆڵبەریش لە ناوچە سنوورییەکان و بەهۆی تێپەڕین بەو شوێنانەدا کە مین و تەقەمەنییان لێ بەجێ ماوە، مینیان پێدا تەقیوەتەوە.
“بنیاتی نەتەوەیی مینی ئێران” ناسراو بە “هەڵگرتنەوەی مین” هیچ چەشنە زانیارییەکی لەسەر برینداران و کوژراوانی قوربانی مین چ بە شێوەی گشتی و چ وەک راپۆرتی ساڵیانە بڵاو نەکردۆتەوە و ئەوەش بەپێچەوانەی ستانداردە جیهانییەکانی هەڵگرتنەوەی مینە کە ناوەندی پاککردنەوەی مین خۆی ئەرکدار بە رەچاوی ئەو بنەمایانە کردوە و هەروەها زیاتر لە سێ ساڵە ماڵپەڕی هەڵگرتنەوەی مین ناچالاکە و ئاماری هەڵگرتنەوە و قوربانییەکانی مین بەردەست نیە و ئەو ئامارانەش کە هەن لە لایەن تاکەکەس و سەرچاوە نێوخۆییەکانەوە کۆدەکرێتەوە.
لە ساڵی ٩٥دا مین لە کرماشان زیاترین قوربانی و کارەساتی لێکەوتۆتەوە. نزیک بە ٤٧ لەسەدی قوربانییەکانی مین لەو پارێزگایە بووە. ناوچەکانی قەسری شیرین و سۆمار زیاترین قوربانییان داوە کە دەوڵەت بە شێوەی رەسمی و لە رێبەندانی ٩١دا جێژنی بۆ گرت کە پاک بووەتەوە و گشت ئەو پارێزگایە لە مین و تەقەمەنی بەجێماو خاوێن کراوەتەوە. لە یەکەم مانگی ساڵی ٩٥دا لانیکەم ٩ رووداوی تەقینەوەی مین لە لایەن جێگری سیاسی و ئەمنییەتی فەرمانداری قەسری شیرین، نیعمەتوڵڵا ئازموودەوە راگەیەنراوە کە هەموو رووداوەکان زیانی بە قوربانییەکان لە خەڵک و ئامێری کشتوکاڵی و ئاژەڵان گەیاندوە و ئەو ئیدیعای ریژیمی لەو پارێزگەیە سەبارەت بە هەڵگرتنەوەی هەموو مین و تەقەمەنییە بەجێماوەکانی زەمانی شەڕی بەڕوونی بەتاڵ کردۆتەوە.
پارێزگای سنە بە رووبەرێکی نزیک بە یەک هەزار نۆسەد هەکتار و ١٨٤٠ بنکەی بە مین چینراو بە یەکێک لە مەترسیدارترین و پڕ قوربانیترین ناوچەکانی ئێران ناسێنراوە. بە سەرنجدان بەوەی کە رووبەری بە مین و تەقەمەنی چێنراوی پارێزگای سنە لە چاو پارێزگای ئیلام و کرماشان کەمترە، بەڵام بوونی ئەو بنکە و بارەگا چۆڵکراوانەی رێژیم کە نزیک ئاوەدانین، ئەو پارێزگایەی کردوە بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی کارەساتی مین.
پارێزگای ورمێش وەک سنە لەچاو چوار پارێزگاکەی دیکە رووبەرێکی کەمتری مین و تەقەمەنی تێدایە. بوونی نزیک بە ٧٢٠ بنکەی چۆڵکراو و هەزار و حەوسەد و سی هەکتار رووبەری بە مین چێنراو، بەتایبەت دوو شاری سەردەست و پیرانشاری کردوە بە ناوەندێکی جێگەی مەترسی و هەروەها هاتووچۆی کۆڵبەرانیش لەو دوو ناوچەیە هێندەی دیکەی ژمارەی قوربانییەکانی بەرز کردۆتەوە. ئەو کۆڵبەرانەی ناچارن بۆ دابینی بژێوی ژیان هەموو چەشنە بارێک لە کۆڵ نێن و ئەو دیو و ئەو دیوی پێ بکەن و بە نێوان مەیدانە پڕ لە مینەکاندا تێپەڕن. بوونی زیاتر لە ١٠٠٠ پەروەندەی داخراو لە کۆمیسیۆنی مادەی ٢ پارێزگای ورمێ بەڵگەن بۆ ئەو وتانە کە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کاتی هاتووچۆ وەسەر مین پەڕیون و دەوڵەت هیچ چەشنە یارمەتی و پشتیوانییەکیان ناکا.
ئەلیزادە نوینەری ناوەندی مین هەڵگرتنەوە لە ورمێ ساڵی ١٣٩٠، دوای ئەوەی رایگەیاند ئەو ناوچەیە لە هەر چەشنە مین و تەمەنییەک <<< پاک کراوەتەوە، بە تۆمەتی گەندەڵی و دزی گیرا و پاش دادگایی تووشی زیندان بوویەوە. بەڵام پاش ماوەیەک زیندانی بەر دراو و پاکانەشی بۆ کراو و دۆسیەکەشی داخرا. کەچی لەو پارێزگایە هەر خەڵکەو دەبێتە قوربانی مین و کەسیش گوێی پێی نابزوێ.
دواوتە
وڵاتی ئێران سەرەڕای ٧٠٣٢ قوربانی تەقینەوەی مین دوای تەواوبوونی شەڕ و هەروەها ژماریەکی زۆری دیکەش خەڵکی مەدەنی کە قەت ناویان تۆمار نەکراوە و هەروەها نزیک بە ١٨٠٠ هێزی سەربازی قوربانی مین یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتانی دنیا لە بواری مین و تەقەمنی بەجێماو و چێنراو، کە جگە لەوەش روانگەیەکی ناکارناسییانە و ئەمنییەتیش هێندەی دیکە دۆخەکەی قورستر کردوە.
نووسەر خۆی پسپۆری هەڵگرتنەوەی مینە، کە لە کاتی هەڵگرتنەوەی مینیشدا بووەتە قوربانی، لەسەر ئەو بڕایەیە کە کەمتەرخەمی و پشتگوێ خستنی ناوەندی هەڵگرتنەوەی مین کە بەرپرسیاری هەڵگرتنەوەی مینە، بەرپرسیارە لەو روودوانە. هەڵگرتنەوەی ناستانداری مین و نەبوونی هیچ چەشنە نیشانە و تابڵۆیەکی وشیارکەرەوە، کە هەموو قوربانییەکان رایانگەیاندوە هیچ تابلۆ و نیشانەیەکیان نەبینیوە بۆیە تووش بوون، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو کارەساتەیە.باشە کە دەکرێ تەنیا بە نیشانە و تابڵۆیەکی سادە بەر بە کارەسات بگیرێ، بۆچی هێند کەمتەرخەمە. نەبوونی ئامراز و کەرەسەی پەروەردەیی و پێڕانەگەیشتنی کۆمیسیۆنی ٢ پارێزگاش بە قوربانییان و بریندارانی کارەساتی تەقینەوەی مین کێشەکانی دوو هێندەی تر کردوە
ن: عیسا بازیار
و: تەها ڕەحیمی