کۆڵبەرێكی کوردی خەڵکی سەردەشت کە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە توندی بریندار بوو دوای دە ڕۆژ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەستدا.
خدر بێنەوا، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی گوندی ”کوربناو”ی، سەر بە شاری سەردەشت کە دە ڕۆژ لەمەوپێش لە سنووری قەڵەڕەشێ لەگەڵ دەستەیەک لە کۆڵبەران دەکەونە کەمینی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بە سەختی بریندار دەبێ، دوای دە ڕۆژ بە هۆی کاری بوونی برینەکەی گیانی لە دەست دا.
شایانی باسە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان لەبەر نەبوونی کار و ناکارامەیی کاربەدەستان و گرینگی پێنەدان بە کوردستان، بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بە ناچار ڕوودەکەنە کۆڵبەری کە لە منداڵی تەمەن ١٤ ساڵ، ژن، پیاوی بە تەمەن و کەسانی خوێندەوار سەرەڕای وەرگرتنی بڕوانامە لە ئاستی باڵادا دیسانیش ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری و ساڵانە بە سەدان کەس لەو ڕێگایەوە بە هۆکاری جۆراوجۆر گیانیان لە دەست دەدەن، بەپێی ئامارەکان لە ماوەی یەک ساڵدا ٢٥٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، بەربوونەوە لە بەرزایی، ڕەق هەڵاتن لەسەرمادا، هەڵاتن و ڕاوەدوونانی ئەو هێزانە کوژراو بریندار بوون.