چاونیوز: کەمپەینی ”هانای ڕۆژهەڵات”، لە ژێر ناوی با بە هانای خەڵکی لێقەوماوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بچین لە کارەکانی بەردەوامە.
ئەم کەمپەینە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە بە مەبەستی هاوکاریکردنی خەڵکی هەژار و کەم داهات دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان دامەزراوە، تاوەکوو ئێستا توانیویەتی بە هاوکاریی کەسانی دڵسۆز لە نێوەخۆ و دەرەوەی وڵات هاوکارییەکان بەسەر بنەماڵەی هەژارو کەم داهاتدا دابەش بکەن.
ئەم کەمپەینە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بڵاویکردۆتەوە نووسیویەتی:
هاونیشتمانیانی بەڕێز، پشتیوان و هاوكارانی كەمپەینی “هانای ڕۆژهەڵات”،
لە درێژەی پشتیوانی سەدان كەس لە ئێوە بەڕێزان لە كەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات، تاكوو ئێستا بە گشتی لە چەندین وڵاتدا كۆمیتەکانی كەمپەینی هانای رۆژهەڵات دامەزراوە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا لە گەڵ پشتیوانی و بە هاناوە هاتنی ئێوەی خەمخۆری ڕۆژهەڵات هەوڵی دامەزراندن و یارمەتی كۆكردنەوە لە وڵاتانی دیكەشدا درێژەی دەبێت.
هەروەها لە ماوەی كەمتر لە سێ حەوتووی ڕابردوودا ئەم کەمپەینە توانیویەتی یارمەتیی مادی بۆ چەندین ناوچە و شاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان کۆبکاتەوە.
بە خۆشحاڵییەوە یارمەتییەكانی ئێوە بەڕێزان بە دەستی خەڵكی ڕۆژهەڵات گەیشتووە و بە شێوەی پێداویستی خواردەمەنی و مادەی پاككەرەوە لە نێوان خەڵكی كەمداهاتی ڕۆژهەڵاتدا بڵاو كراوەتەوە یان مادەی دژەگەن و دژە ڤایرۆسی پێ کڕاوە و خەڵک و كەمپەینە خۆبەخشەكان بە مەبەستی دژەگەن كردنی شارو و گوندەكانی ڕۆژهەڵات كەڵكیان لێی وەرگرتووە.
شایانی باسە، كەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات وێڕای ماوەی نزیک بە سێ حەوتوو لە دامەزراندن و دەستپێكی چالاكییەكانی بە دڵێكی گەرمی هاونیشتمانییان لە دەرەوەی وڵات و لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات پێشوازی لێ كراوە و ئێستاكە كەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات سەدان ئەندام و خۆبەخشی لە كۆمیتەی وڵاتەكاندا هەیە و هەروەها دەیان هەزار كەسیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاند بەدواداچوونی چالاكی و ڕاگەیاندن و هەواڵەكانی دەكەن و داوا لە هەموولایەك دەكات كە هاوكارو یاریدەدەری كەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات و خەڵكی كەمداهات و كەمپەین و گرووپە خۆبەخشەكان، بە مەبەستی بەرنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا و یارمەتی گەیاندن بە خەڵكی ڕۆژهەڵات بن.