کۆڵبەرێکی کورد لە چیای کانی خوای شاری پیرانشار سەرما بردی.
کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی خدر عەبدوڵڵاهی، تەمەن ٦٠ ساڵ، خەڵکی شاری پیرانشار لە شاخی “کانی خوا”ی پیرانشار سەرمابردی و تەرمی ناوبراو لە لایەن خەڵکی ئەو ناوچەیە دۆزرایەوە.
یەکێک لە منداڵەکانی ناوبراو ڕایگەیاند: باوکم بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان کردووە و پاش داخستنی سنوورەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی عێراقەوە، ناچار بووە ڕێگایەکی دیکە بۆ کۆڵبەری هەڵبژێرێ.
ئهو دەڵێ، باوکم تەنیا لە بەر ٧٠ هەزار تمەن بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ئەو ڕێگایەی هەڵبژاردووە و لەو ڕێگایەشەوە گیانی لە دەست دا.
هەر لەو پێوەندییەدا و لە هەواڵێکی دیکەدا ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندان، تەرمی دوو کۆڵبەری کورد، بە ناوەکانی “جەدیح و سەبری وەلی نژاد” خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، کە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ژێر هەرەسی بەفردا گیانیان لە دەست دابوو، دوای ٤ ڕۆژ لە بەرزاییەکانی مارمیشۆدا دۆزرایەوە.
شیاوی باسە لە سەرەتای زستانی ئەمساڵەوە تا ئێستا 31 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بەوەش ژمارەی ئەو کۆڵبەر و کاسبکارانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون، گەیشتە ١٧٠ کەس.