تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچەی نەوسوود بووە هۆی برینداربوونی یەک لەوان.
رۆژی شەممە، ٢٠ جۆزەردان، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی سنووریی قەڵاگای سەر بە شاری نەوسوود لە پارێزگای کرماشان تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەری کورد کرد. لە ئاکامی ئەو هێرشەدا کۆڵبەرێک بە ناوی “عەلی محەمەدی”، بە توندی برینداربوو و هەروەها ٧ سەر ئەسپی کاسبکاران لە لایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەستیان بە سەر داگیراوە و شتومەکەکانیان بە تاڵان بران.
برینداربوونی ئەو کاسبکارەی کورد لە نەوسوود لە حاڵێک دایە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 34 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون.
به پێی بانکی زانیاریی ناوهندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان له ماوەی ساڵی ڕابردووشدا هێزهکانی کۆماری ئیسلامی له کوردستان لانیکەم 52 کۆڵبەر و کاسبکاری کوردیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشت. ههر بههۆی ڕاوهدوونانی هێزه چهکدارهکانی کۆماری ئیسلامی 14 کۆڵبهری دیکهی کورد بههۆی بهربوونهوه له بهرزایی، سهکتهی دڵ، سەرمابردوویی و کەوتنە ژێر ڕنوو گیانیان لهدهست دا. لەو هێڕش و کۆمەڵکوژییەی کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکاندا 36 کهسیش بریندار بوون و وێرای کوشتنی ژمارەیەکی زۆر وڵاغی کاسبکاران، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان بەسەر دەیان میلیارد تمەن باری کاسبکاران داگرت.