ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی “ئەندێزە”ی سەر بە پیرانشار بە ناوی “حوسێن کەماڵنیا”، بە تەقەی ڕاستەوخۆ و لێدانی بەردەوامی قۆنداخی چەک لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کوژرا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی ڕاگەیاند: ئەم کۆڵبەرە لە ناوچەی سنووریی “دەڵاوان” دوای ئەوەیکە بە فیشەک بریندار کراوە و هەوڵی داوە برینەكەی ببەستێت، یەکێک لە ئەفسەرانی هەنگی سنووری چەندین جار بە قۆنداخی چەکەکەی لە سەری ئەم کۆڵبەرەی داوە و بەرەڵایان کردووە کە دوای ماوەیەک لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بۆ نەخۆشخانەی پیرانشار ڕاگواستراوە.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: حوسێن کەماڵنیا تەمەن ٣٨ ساڵ، بەهۆی قووڵیی برینەکانی و هەروەها خوێنڕێژیی مێشکی، گیانی خۆی لەدەست داوە.
ئەم کۆڵبەرە تەنیا كەسی بنەماڵەکەی بووە كاری دەكرد و دایکی بەهۆی نەخۆشیی شەکرە هەردوو چاوی لەدەست داوە و هاوسەرەکەشی چەند ساڵ پێش بەهۆی کێشەی ژیان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.