چاونیوز: لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵ، لانیکەم ٥٣ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون.
بەپێی ناوەندی ئاماری “ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”(چاونیوز)، لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا ٥٣ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و، ڕەفتاری نادادپەروەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد.
لەو ٥٣ کۆڵبەرە ١٥ کەسیان کوژراون و ٣٨ کۆڵبەریش بریندار بوونە. هەروەها هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکانی ماکۆ، سنە و کرماشان بە تەقەی سەرەڕۆیانە سێ هاونیشتمانیان کوشتووە.
کوژران و برینداربوونی ٥٣ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی بەهاری ئەمساڵ لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یشدا ٢٢٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دا و بریندار ببوون. لەو ٢٢٦ قوربانییەی ساڵی ڕابردووی هەتاوی ٨٠ کەسیان کوژرابوون و هەروەها ١٤٦ کەسیش بریندار ببوون.