دوو کاسبکاری دیکەی کورد لە مەریوان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران و بریندار بوون. بەوەش ژمارەی ئەم کۆڵبەر و کاسبکارانەی تەنیا لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە کوژراون و برینداربوون گەیشتە 51 کەس.
مێهدی یووسفی، کاسبکاری خەڵکی مەریوان تازەترین کوژراوی دەستی غەدرە کە ڕۆژی ١٠ی سەرماوەز بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژرا. لەو پەلامارەی هێزەکانی ڕێژیمدا کاسبکارێکی دیکەش بەناوی یەعقووب ڕەزایی بە توندی بریندار بووە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی سێشەممە ۵ی سەرماوەزیش لە ناوچەی”سێف” ی شاری سەقز کۆڵبەرێک بە ناوی “ناسێح ئازەرپوو” بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا. ناسیح خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو. هەر لەم ڕۆژەدا و لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم پۆلێک کۆڵبەریان دایە بەر دەستڕێژ و بەو هۆیە کۆڵبەرێک بە ناوی “حەسەن ساڵحپوور” بەر گوللە کەوت و بە توندی بریندار بوو.
شایانی باسە تەنیا لە دوو مانگ و نیوی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا 51 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا کوژراون و بریندار بوون.