لە ماوەی سێ مانگەی بەهاری ١٤٠٣دا، ٧٤ کۆڵبەر و کاسبکار بوونەتە قوربانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلی کورد. لەو ٧٤ کۆڵبەرە ٢٥ کەسیان کوژراون و ٤٩ کۆڵبەریش بریندار بوونە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا(١٤٠٢)؛ ٣٥ کۆڵبەر و کاسبکار کوژرابوون و بریندار بوون، ئەو ئامارە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو هیندەی ساڵی ڕابردوو، و ئاماری کوژراوەکانیش چوار هیندەی پار بووە.
جیا لەمەش، هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی سێ مانگی بەهاردا سەرەڕۆیانە لە نێوشارەکانی کرماشان، سەحنە و تیکاب بە دەستڕێژ و بە گومانی پێبوونی باری قاچاغ لانیکەم کاسبکارێکیان کوشتوە و ٥ کەسیشیان بریندار کردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی “چاونیوز” لە ساڵی ڕابردووش (١٤٠٢)یشدا ٤١٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون. لەو ٤١٠ قوربانییەی ساڵی ڕابردوو ٤٦ کەسیان کوژرابوون و هەروەها ٣٦٤ کەسیش بریندار ببوون.