چاونیوز: گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر چالاکانی مەدەنیی کورد لە مانگی پووشپەڕدا زیادی کردووە.
لەو مانگەدا لانیکەم ٧٢ کەس لە کوردستان بەتۆمەتی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم و چالاکیی سیاسی و ئەمنیەتی لەدژی کۆماری ئیسلامی گیراون.
بە پێێ ئاماری مانگانەی هەواڵدەری چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، لەو 72 کەسە زیاتر لە ٢٠ کەسیان دادگایی کراون و چەند کەس لەوان سزای قورسی هەتا ١٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە، هەروەها چالاکێکی سیاسیی کوردیش سزای ئیعدامی دراوەتێ.
هەر لەم مانگەدا 7 بەندکراوی کورد لەدار دراون کە دوو کەسیان زیندانی سیاسی بوون. هاوکات لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان دراونەتە بەر دەستڕێژ کە ٧ کەسیان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون.
ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس لەوە دەکەن، لەم مانگەدا سێ شوانکارە لە ناوچەکانی سەردەشت و پیرانشار سەرەڕۆیانە دراونەتە بەر دەستڕێژ و گیانیان لێ ئەستێندراوە.