کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە پیرانشار بە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەست دا. کۆڵبەرێکی دیکەش لە سەردەشت هەر بەو هۆیە بە توندی بریندار بوو.
هەر لە درێژەی ڕەوتی کوشتاری کاسبکارانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە، 6ی خەزەڵوەر کۆڵبەرێکی خەڵکی گۆمانی سەردەشت بە ناوی خدر موفید کەوتە بەر دەستڕێژ و گیانی لە دەست دا.
خدر موفید بە گومانی پێبوونی باری قاچاغ دراوەتە بەر دەستڕێژ، ئەوە لە حالێکدایە کە نە باری قاچاغی پێ بووە و نە پێشوەختەش ئاگادار کراوەتەوە و یەکجێ و کەوکوژی سێرەی لێ گیراوە.
لە هەواڵێک و ڕووداوێکی دیکەشدا و ئەمجارەیان لە گوندی دۆڵەتوو لە سەردەشتیش پۆلێک کۆڵبەر دراونەتە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا یەک لەوان بەناوی ڕەسووڵ حوسێن زادە بە توندی بریندار بوو.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 124 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون، یان بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و ڕووداوی سروشتی و ناسروشتی گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی بانکی زانیارییەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی سێ مانگی بەهاردا 41 کۆڵبەر و کاسبکار، لە سێ مانگی هاویندا 64 كۆڵبەر و کاسبکار و لە سەرەتای پاییزەوە هەتا ئێستا 19 کۆڵبەر بوونەتە قوربانیی سیاسەتی کوردکوژی و دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی.