کرێکارەکانی بەشی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی شارەوانیی سەردەشت زیاتر لە 6 مانگە مووچە و حەقدەستیان نەدراوەتێ.
دواکەوینی مووچەی زیاتر لە 6 مانگی ئەو کرێکارانە لە بارودۆخی ئابووریی ئێستا لە حاڵێکدایە کە شارەوانیی شاری سەردەشت هەر وادە و بەڵێنیان دەدەنێ و لە دوایین کەڕەتدا گوتویانە کە لە کۆتایی مانگی پووشپەڕدا مووچەی دواکەوتووی سێ مانگیان بۆ پاک دەکەن.
بەشێک لە کرێکارانی ئەو بەشەی شارەوانیی سەردەشت بە گومانەوە لەو بەڵێنە نوێیە دەڕوانن و دەڵێن دەترسین جارێکی دیکەش بە بیانووی کەمیی بودجە و قەرزە زۆرەکانی شارەوانی پشتگوێ بخرێن و ئاوڕیان لێ نەدرێتەوە.
یەک لەو کرێکارانە بە “چاونیوز”ی ڕاگەیاند هیندە بە دەر و جیرانو خزم و کەس قەرزدارین سەرمان هەڵنایە و هیوادارین وادە و بەڵێنی ئەمجارەی شارەوانی شتێکی لێ شین ببێ.
ئەو دەڵێ مووچەی ئێمە لەبەر ئەوە دوادەکەوێ کە گوایە شارەوانی قەرزدارە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە قووتی ژیانی ئێمە هەر ئەو حەقدەستەیە کە لە بری کار دەمانکەوێ و کەی ڕەوایە بۆ شەش مانگ زیاتر دواکەوێ؟