کاسبکارێكی دیکەی کورد خەڵکی شاری پیرانشار، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە جێدا گیانی لە دەست دا.
ڕۆژی ڕابردوو، کاسبکارێکی کورد بە ناوی “تاهیر حیکمەتی” خەڵکی شاری پیرانشار کە خاوەنی چوار منداڵە لە کوێستانەکانی “قەندیل” لە سنووری ئەو شارە، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.
بە پێی سەرچاوەکانی ئامار، زۆربەی کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون.
شایانی باسە ناوەند و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوڵبەران و کاسبکارارنی کورد بە قاچاخچی دەزانن و هێزە چەکدارەکانیش لە لایەکی دیکەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێدەکەن و دەیانکوژن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنییەتی بە ناچاری ڕوویان لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری کردووە کە بۆ بە دەستهێنانی پارویەک نان گیانیان لەسەر بەری دەست داناوە و ئێستاش کاربەدەستانی ڕێژیم بێ ئەوەی کە ژیانی ئەو خەڵکە هەژارە لەبەر چاو بێ سنوورەکانیان داخستووە.