کاسبکارێکی خەڵکی تیلەکۆی سەقز لەلایەن هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتەوە درایە بەر دەستڕێژ.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 15ی خەرمانان شۆڕش قادرزادە، خەڵکی تازاوای سەر بە تیلەکۆی سەقز کە چۆدار بووە، بۆ کڕین و فرۆشتنی مەڕوماڵات دەچێتە چەند گوندێکی سنووریی ناوچەی سەقز، بەڵام بێ هۆ و سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە دەدرێتە بەر دەستڕێژ و بە برینداریش بە قۆنداغە تفەنگ هەتا سنووری مردن لێی دراوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو دوای گوێزرانەوەی بۆ نەخۆشخانەی سەقز دەسبەجێ یەکێک لە گورچیلەکانی دەردێنن و نەشتەرگەری بۆ لەگەنی شکاوی دەکەن، کەچی عەمەلەکە سەرکەوتوو نابێ و هەر دوو لاقیشی لە دەست دەدا.
ڕەفتاری دژەمرۆیی و دوژمنکارانەی هێزە ئینتیزامییەکانی سەقز لەگەڵ ئەو کاسبکار و چۆدارە بێدەرەتان و بێتاوانە لە حاڵێک دایە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێک خۆپیشاندان بۆ نارەزایەتیدەربڕین بە کوشتوبڕی کۆڵبەران و کاسبکاران لە چەند شارێکی کوردستان دەستی پێکردوە.