پزیشکی قانوونیی کرماشان دەڵێ دوو حەوتوو دوای بوومەلەرزەکەی کرماشان ژمارەی کوژراوانی ئەو کارەساتە گەیشتۆتە 483 کەس.
ئارتین کەماڵی، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی قانوونیی پارێزگای کرماشان دەڵی ڕۆژی سێشەممە، 7ی سەرماوەزیش ئیزننامەی ناشتنی 25 قوربانیی دیکەی بوومەلەرزەکەیان داوەتە دەستی کەسوکارەکانیان.
بەپێی ئاماری پزیشکی قانوونی لەو کوژراوانە 237 کەسیان پیاو و 246 کەسیان ژنن، هەروەها 425 کەس لەو کوژراوانە خەڵکی سەرپیڵی زەهاون و ئەوانی دیکە لە شار و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای کرماشانن.
ڕاگەیاندنی ئە ئامارە ڕەسمییە لە حاڵێک دایە کە لە ڕۆژی یەکەمی بوومەلەرزەکەدا دەیان کەس بەبێ ئیزننامەی پزیشکی قانوونی نێژراون و ناویان لە ئاماری کوژراوەکاندا نەهاتووە.
شایانی باسە ئەحمەد سەفەری، نوێنەری کرماشان لە مەجلیس پێشتر بە هەواڵدەریی “ئیسنا”ی گوتبوو کە زیاتر لە 1000 کەس لەو ڕووداوەدا کوژراون و ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییەکان زۆر لەو ئامارە ڕەسمییەی ڕادەگەیەندرێ زیاترە.
شایانی باسە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی 21ی خەزەڵوەری پارێزگای کرماشان هەر نەبێ 30 هەزار خانوو ڕووخاون و زیانی قورسیان بەرکەوتوە