لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندە ئەمنیەتییەکان دەیان کەسیان بە تاوانی خۆشیدەربڕین سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕاپرسیی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان دەسبەسەر کرد.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە مەهاباد سێ کەس بە ناوەکانی ڕووناک ئاقایی، کاوەیس ئاقایی و سروە مووسازادە کە هەموویان ئەندامانی بنەماڵەیەک بوون دەسبەسەر کراون. تاوانی ئەو بنەماڵەیە ئەوە بووە کە ئێوارەی ڕۆژی سێ ڕەزبەر و دوای کۆتایی ڕاپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بە ئاڵای کوردستانەوە سەمایان کردوە و خۆشییان دەربڕیوە.
پێشتریش لە بۆکان پۆلێک لاو هەر بە تاوانی پشتیوانیی لە پڕۆسەی ڕاپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کران کە دوو کەس لەوان بە ناوەکانی پوریا قورەیشی و ئۆمید فارووقی ئێستاش چارەنووسیان ناڕوونە و کەس بە شوێنی بەندکرانیان نازانێ.
گشتپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان ڕۆژی 3ی ڕەزبەر بەڕێوەچوو، هاوکات ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ئێران کەشێکی تەواو سەربازییان بەسەر هەموو شارەکانی کوردستاندا بە مەبەستی ڕێگری لە هاتنەسەرشەقامی خەڵک زاڵ کرد؛ بەڵام هاونیشتمانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند ڕۆژ پێشەوە بەرەو پێشوازی ئەو ڕۆژە چوون و کارناڤاڵی شایی و خۆشییان بۆ وەڕێخست و هێزە ئەمنیەتییەکانیش تا ئێستا دەیان کەسیان لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سنە، بانە، سەقز و مەریوان بەو تاوانە دەسبەسەر کردوە.