چاونیوز: دوای پەیامی ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار، ڕێکخراوەی کێلەشینی سەوزی زاگرۆس لە شاری شنۆش سەبارەت بە داخستنی ناوەندی مەدەنیی “کافەکتێبی ئەندێشە”ـی پیرانشار پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:
هاووڵاتیان، چالاکانی مەدەنی، ئەویندارانی قەڵەم و خوێندنەوە
مەک لۆهان دەڵێت چۆنیەتی ژیان بە دوو پێوەر دیاری دەکرێت: ئەو کتێبانەی کە دەیانخوێنینەوە و ئەو کەسانەی که بەسەریان دەکەیەوە. ئێستا ئەگەر ئەو وتەیە ئاپدەیت و نوێی بکەینەوە دەکرێت بڵێین شوێنی بەسەر کردنەوە و ژوانگە ڕەنگە بارتەقای ئەو دوو خاڵەی که لۆهان ئاماژەی پێکردووە گرینگ بێت. ئەوە سەرەتایەک بوو بۆ باسکردن لە خەنجەری ناحەزان که لە پەیکەری ژوانگەی ئەدەبدۆستان و هونەرمەندان و هۆگرانی کتێب کە ئەویش داخستنی کافە کتێبی ئەندێشەیە.کافەکتێبی ئەندێشە، وەکوو مەکۆیەک بۆ کاری ئەدەبی، زانستی، هونەری و بە گشتی ئەو ڕەوتەی کە کۆمەڵگای بەرەو ئەخلاق دەبات دیار و درەوشاوە بوو و بە هەوڵی دڵسۆزان ڕۆژبەڕۆژ شوێن پێی ئەرێنی و پۆزێتیڤی لە پیرانشار زۆرتر دەدیترا. لە ماوەی شەش ساڵی زەمەنی ئەو بنکەیەدا کاری گەورە وەکوو دانیشتن و سێمینار نایەتە ئەژمار. لە بومەلەرزەی کرماشان قۆڵی هیممەتیان تێکەڵاوی متمانەی خەڵک بوو و حەماسەیان خوڵقاند. ئێستا پاش ئەو هەموو چالاکییە باشە ئەو بنکەیە حوکمی داخستنی بۆ هات و حەساسیەت و سۆزی ئێمەی وروژاند. خەسار و زیانی داخستنی کافە کتێبی ئەندێشە تەنیا بە پیرانشار بەرتەسک نابێت و دوکەڵی ئەو چاوی ئێمەش دەگرێتەوە. لە نەبوونی بنکە فەرهەنگێکان لاوازی شوناس پەرە دەستێنێت و ئەخلاق و ئەدەب لە کزی دەدات. بۆشایی و نەمانی شوێنگەلی وەک کافە کتێبەکانە بۆتە هۆی ئەو هەموو قەیرانە له ئاستی شێواندنی مێژوو، نەمانی بنەما زانستێکان، زۆری تاوان و هتد…
وەک ڕێکخراوەی کێلەشینی سەوزی زاگرۆس خۆمان بە جیا لە ئێوە نازانین و ئەو کارە پروتستۆ و شەرمەزار دەکەین و هیوادارین که کافە کتێب بە زووترین کات بگەرێتەوە سەر ڕەواڵی ئاسایی خۆی و دڵنیاین هیچ هێزێک ناتوانێت پێش بە زانست و قەڵەم بگرێت.
ڕێکخراوەی کێلەشینی سەوزی زاگرۆس (ژینکۆ)
۲۴ی سەرماوەز