چاونیوز: کۆمەڵێک لە چالاکانی ژینگەپارێز لە ورمێ ڕێزیان لەو کادرە دەرمانییانە گرت کە بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا.
بەشێک لە چالاکانی ژینگەپارێز و نیشتماندۆست لە ناوچەی “دزەی مەرگەوەر”ی ورمێ وەک ڕێزێک لە هەموو ئەو پزیشک و پەرستارانەی بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دابوو نەمامیان چاند.
لەم چالاکییەدا ٩٨ نەمامیان بە یادی ٩٨ پەرستار و پزیشک کە بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستدا بوو چاند.
شایانی باسە، کادرە دەرمانی و پزیشکییەکان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرکێکی قورسیان کەوتۆتە سەرشان و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبوردوویی پزیشکان و پەرستاران بێ وچان کاردەکەن و مەترسی تووشبوونیان زیاتر لە هەر کەسێک بە ڤایرۆسەکە لەسەرە، بۆیە بەم هۆیەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان بۆیان و هەروەها وەک ڕێزێک لە پەرستار و پزیشکەکان سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردوە و بە پێشکەش کردنی گوڵ و سپاس و پێزانین و هەروەها لە لایەکی تریش ژینگەپارێزان بە چاندنی نەمان ئەرک و زەحمەتەکانی ئەوانیان بەرز نرخاندووە.