چاونیوز: هێزەکانی شارەوانیی شاری بانە بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی خانووبەرە و ماڵی خەڵکی هەژار لە دەوروبەری بانە دەڕۆخێنن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی شارەوانی لە شاری بانە بە بیانووی ئەوەیکە ئەو خانووگەلە جەوازی شارەوانییان بۆ سازکردنی خانووبەرە نییە بە لۆدێر و هێزێکی زۆرەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر خانووە تازە سازکراوەکان لەو پەراوێزی شارە و هەموویان ڕووخاندووە.
هێزەکانی شارەوانی بەیارمەتی هێزەکانی سپای پاسداران، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو خانووە تازە سازکراوانە لە شاری بانە و وتوویانە کە حوکمی خامنەییمان پێیە بۆ ڕووخاندنی ئەو خانووانەی کە بە بێ ئێزنی شارەوانی ساز کراون.
شایانی باسە کە لە ئامارەکانی خودی ڕێژیم هاتووە کە ٥٨لەسەدی خەڵکی ئێران لە ژێر هێلی هەژاریدا دەژین و بە تایبەت لە پەراوێزی شارەکاندا زیاتر لە ٣٠ لەسەدی خەڵک ژیانێکی نائاسایی و پڕاوپڕ لە بێکاری و هەژاری دەکەن کە بۆخۆی دیاردەگەلی قیزەون و دزێوی کۆمەڵایەتی و مرۆیی لێدەکەوێتەوە.