به پێی هەواڵەکان بە دوای ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی گوندی سەڵەسی سەر بە ناوچەی مەریوان ٤ کەس لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز و لەوانه چالاکی ناوئاشنا کاک “شەریف باجوەر” کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکه چووبوونه ئەو ناوچەیه، گیانیان لە دەست داوە و ژمارەیەکیش بریندارن.
لە کەس شاراوە نییە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەهۆی کەمتەرخەمی و زۆرجاریش بە هەوڵی بە ئەنقەست و بە پیلانی پێشوەخت ژینگە و دارستانەکانی کوردستان لەناو دەبەن و لە بەرامبەردا چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خۆجێی ناوچەکە بە کەمترین ئامراز هەوڵی پاراستنی ژینگەی کوردستانیان داوە. ئێمە کۆماری ئیسلامی و پیلان و ئاکارە دوژمنکارانەکانی کە بەرامبەر بە خەڵک و خاک و سرووشتی کوردستان دەیکەن بە تاوانبار و بەرپرسیاری ئەو کارەساتە دەزانین. کوردستان چوار دەیەیە بۆته کانگای کارەسات و بەردەوام لە ئاکامی پیلان و سیاسەتی هەڵه و ناکارامەیی کاربەدەستانی نابەرپرس قوربانی دەدا.
دەمێک ساڵە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی قۆڵی بۆ بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کوردستان و وێرانکردنی کوردستان و سرووشتەکەی هەڵماڵیوە و بە بیانووی پڕوپووچ و پاساوی بێ بنەما کەوتۆتە گیانی ژینگەی کوردستان و لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێک مرۆڤی تێکۆشەر، دەروەست و بێ پاداشت، بە دەستی بەتاڵەوە بوون بە پارێزەرانی ژینگە و نیشتمان و ئەمڕۆش کاک شەریف و هاوڕێکانی گیانیان لە پێناو پاراستنی ژینگەی نیشتمانەکەیان بەخت کرد.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پرسە و هاوخەمی خۆی بۆ لە دەستدانی ئەو پۆلە شەهیدەی ڕێگای پاراستنی ژینگەی کوردستان پێشکەش بە بنەماڵە بەڕێزەکانیان و خەڵکی مەریوان و بە تایبەتی چالاکانی مەدەنی و بە گشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا .
سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەوانەی ژیانی خۆیان لە رێگەی نیشتماندا بەخت كردوە و ئاواتی چاكبوونەوەی هەرچی زووتر بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە داوا دەخوازین.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی