کوردستانی ئێران لە ساڵی 2017 و لە نیوهی یەکەمی ئەمساڵەشدا بەشی شێری لە سەرکوتکاریی کۆماری ئیسلامی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە هەموو بەستێنەکانی سیاسی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا پێبرا.
بەپێی ئەو داتا و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لای خۆی تۆماری کردوون، لە ماوەی شهش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 327 حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان ڕووی داوە.
لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا 79 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و رەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەوەندە کەسە 37 کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و 42 کەسیش هەر بەو هۆیە بریندار بوون و دەیان سەر ئەسپ و ئێستری ئەو کاسبکارانەش بە کوشت چوون و دەست بەسەر چەندین میلیارد تمەن بار و کەلوپەلیان داگیراوە.
هەر لە ماوەی ئەم شهش مانگەدا 155 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و 16 کەس لەوان حوکمی ساڵێک تا 15 ساڵ (سەرجەم 779 مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە و بەندکراوێکی کوردیش سزای ئیعدامی بۆ بڕاوەتەوە. هەر لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی کورد کە لە وڵاتی فینلاند ڕا سەردانی ئێرانی کردبۆوە و لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە گیرابوو، بە شێوەی گوماناوی لە زینداندا گیانی لە دەست داوە.
لە ماوەی شهش مانگی یهکهمی ئهمساڵی 2017ی زایینیدا 38 بەندکراوی کورد کە بە تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی سڕکەر حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا لەدار دراون؛ ئەوەش لە حاڵێکدا کە مەجلیس دەیەوێ بە پەسندکردنی قانوونێک سزای ئێعدام لەسەر ئەو تاوانانە هەڵبگرێ و سزای زیندان و جێگرەوەی دیکەیان لە بری ئەوە بۆ لەبەرچاو بگرێ. مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بە ڕەسمی داوای لە دەزگای قەزایی کردوە هەتا یەکلابوونەوەی ئەو قانوونە دەست لە ئێعدامکردنی زیاتر لەو 5 هەزار کەسە بپارێزێ کە لەو سۆنگەیەوە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە؛ بەڵام دەزگای قەزایی بێگوێدانە ئەو داوایە لە جێبەجێکردنی سزای ئێعدامەکان بەردەوامە.
لە ماوەی ئهم شهش مانگهی ساڵدا تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکان لە کوردستان زیاتر لە 45 قوربانیی وەرگرتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 17 کەس لەوانی ئاشکرا کردوە.
ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو بەشەی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بە میدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و دروستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ڕاگەیەندراوە.