چەنگیز قەدەم خەیری، زیندانی سیاسیی کورد کە بۆ زیندانی “مسجدسلیمان” دوور خراوەتەوە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستێوەردانی وەزارەتی ئیتلاعات لە پەروەندەکەی سەبارەت بە ئیزن پێنەدانی بۆمەرەخەسیی دەرمان و چارەسەر لە ڕۆژی دووشەممە، 2ی گەلاوێژەوە مانی لە خواردن گرتوە.
مانگرتنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە حاڵێک دایە کە پزیشکەکان زیندان ڕایانگەیاندوە کە ناوبراو پێویستیی بە بەنەشتەرگەریی خێرا هەیە، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات رێگری لە چارەسەری پزیشکی بۆ ناوبراو دەکا.
چەنگیز قەدەم خەیری لەدایکبووی ساڵی 1367ی هەتاوییە و ساڵی 1390 بەتۆمەتی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر بابایی سزای ٤۰ ساڵ زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپا و پاش دووساڵ بەندکرانی بۆ زیندانی “مسجدسلیمان” دوورخرایەوە.
ناوبراو سەرەڕای دۆخی نالەباری وهەروەها تێپەڕینی ۵ ساڵ بەسەر بەندکرانیدا لە زیندان لە نێو تووشبووانی مادە هۆشبەرەکان و لەدۆخێکی نەگونجاوی تەندروستی لەنێو 200 زیندانیی دیکەدا بەندکراوە و لە سەر بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان ڕێگری لە گواستنەوەی بۆ بەندی پاکی زیندان دەکرێ.