چاونیوز: لە بەرەبەری نزیک بوونەوەی لە ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، چوار ڕێکخراوی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەک دا داوا لە وڵاتانی بڕیاردەر و دێموکراتیک هەروەها ناوەندە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ دەکەن، لە هەمبەر کوشتن و بریندار کردنی ڕۆژانە و لەڕادەبەردەری کۆڵبەرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێستی جدی وەبگرن و ئەو فەرماندە نیزامیانەی هەنگی سنووری پاریزگاکانی کوردستان بخرێنە لیستی گەمارۆ و سزایان بەسەردا بسەپێنن.
لەبەشێک لە بەیاننامەکەدا هاتووە:
کۆڵبەری کارێکی سەخت و ناچارەکییە کە بەشێک لە کۆمەڵگای سنووری کوردستان لەبەر نەبوونی ژێرخانی ئابووری، هەڵاواردن، بێکاری، هەژاری، نەبووی هەلی بەرابەری کار، نەبوونی کارخانەگەلی جۆراوجۆری پیشەیی و گرنگی نەدان بە ژیان، زوڵم و چەوساندنەوەی تاکی کورد وەک نەتەوەیەکی ئازادیخواز وایکردووە کە ساڵانە ٨٠ بۆ ١٧٠ هەزار کەس کاری تاقەت پڕوکێنی کۆڵبەری لەم سنوورانەدا بکەن و بەشێک لەم خەڵکە ڕۆژانە لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاستەوخۆ تەقەیان لێدەکرێ دەکوژرێن یان بریندار دەبن. ئەوان ئەگە لە بەر فیشەکی بێ بەزەی نیزامییەکان نەجاتیان بێ ئەوجار مەترسی هەڵدێران، تەقینەوەی مین و سەرما و کڕێوە بڕستیان لێ دەبڕێ.
ئەو چوار ڕێکخراوەی کۆمەڵگای مەدەنی( ناوەندی منداڵ پاڕێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، یەکێتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بە چەندین زمانی جۆراوجۆر سەرجەم ناوەندە مافە مرۆییەکانی جیهانی، وەزارەتە پیوەندیدارەکانی وڵاتانی یەکێتی ئورووپا و ئەمریکا هەروەها کەسایەتییە کاریگەرەکانیان بۆ پەسند کردنی ئەم هەوڵە ئینسانییە ئاگادار کردووەتەوە.
لە بەشێکی ئەم داواکارییە دا دەڵێن:
لە ١٠ مانگەی ئەمساڵ(٢٠٢٠)، ١٨٧ کۆڵبەر کوژراو یان بریندار بوونە کە لەم نێوەدا، ٥٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٢٨ کەسیشیان بریندار بوونە کە برینی زۆرێک لەو کۆڵبەرانە زۆر سەختە و بەشێکیان نەقوستان بوونە و بەشێکیش لەبەر نەبوونی و هەژاری تووشی گرفتی جدی بوونەتەوە.
ئێمـە کۆمەڵیک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستانی ئێران داوا لە ئێوە بەڕێزان دەکەین لەهەمبەر کوشتن و بریندار کردنی گیانی مرۆڤی کورد بێ دەنگ نەبن و دواکارین کە بەرپرسانی نیزامی بەتایبەت:
سەرتیپی پاسدار ئەحمەدعەلی گودەرزی فەرماندە گشتی هەنگی سنووری (مەرزبانی) ڕێژیم، هەروەها هەر یەک لە بەرپرسانی هەنگی سنووری پارێزگاکانی ورمێ(سەردار یەحیا حوسێن خانی)، سنە(سەردار عەلیرزا مەرزبانی)، کرماشان(سەرهەنگ یەحیا ئیلاهی) و ئیلام(سەرهەنگ کیاسەت سێپێهری)بخرێنە لیستی گەمارۆکان و لەبەر پێشێل کردنی ئاشکرا و ڕۆژانەی مافی مرۆڤ سزا بدرێن.