چاونیوز: چالاکانی مەدەنی و خەڵکی دڵسۆزی کوردستان لە هەموو شارەکانی کوردستان بە هانای خەڵکەوە دەچن و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقی خۆیان بە جێدێنن.
هەر لەو پێوەندییەدا وەکوو شارو ناوچەکانی دیکەی کوردستان چالاکانی شارەکانی شنۆ، نەغەدە، پیرانشار، بۆکان، سنە، سەقز، مەریوان و کامیاران و… بۆ بەرگری لە بڵاو بوونەوەی کۆڕۆنا لە مەیدانن و بێ هیچ چاوەڕوانییەک شەو و ڕۆژ بەرەنگاری پەتای کۆرۆنا دەبنەوە.
لەگەڵ ئەوەی کۆڕۆنا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام لە گەشەسەندن دایە و کۆماری ئیسلامی هیچ هەوڵێکی جدی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ڤایروسە کوشەندەیە نادات، لاوانی ڕۆژهەڵات زیاتر هەست بە بەرپرسایەتی دەکەن و بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ڤایروسە کوشەندەیە دێنە مەیدان.
لاوان بە پێکهێنانی کۆمیتەی گەڕەکی شارەکان و گوندەکان و بڵاوکردنەوەی مادەی دژە ڤایروس لە کۆڵان و شوێنە گشتییەکان پێمان دەڵێن کە ڕۆژهەڵات بێ پاریزەر نییە و خەڵک خۆڕسکانە بەخەمی نیشتمانەوەن. لەهەمان کاتدا ئە سەلمێنەری ئەوەیە کە خەڵک خۆی دەتوانێ خۆی بەڕێوە ببا و هیچ پێویستییەکیشیان بە حکومەت نییە.