ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی گرتن و بەندکردنی لاوان و هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنیی کورددا پێنج کەسی دیکەیان لە شارەکانی سنە، دیواندەرە و کامیاران دەسبەسەر کردووە.
ڕۆژی پێنج شەممە، ٢٤ی خەزەڵوەر لە سنە دوو کەس بە ناوەکانی مادیح فەحی و مەهوەش ئەمیری دوای ئەوەی بانگ کراونەتە ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کراون. مادیح هاوژینی سەحەر کازمی و مەهوەش دایکی ئەو چالاکە مەدەنی و ژینگەپارێزییەی شاری سنەن کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی گەلاوێژ دەستبەسەر کرا.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەریش ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە کامیاران کەسێکیان بە ناوی “جەلیل خالیدی” دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست. جەلیل خالیدی بە تۆمەتی هاوکاریی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم گیراوە.
لە دیواندەرەش هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات شەوی دووشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر مامۆستایەکی قوتابخانەیەکی ئەم شارەیان دەستبەسەر کردووە.
ئومید شامحەمەدی کە لە ماڵەکەی خۆی و بەبێ ئیزنی دەزگای دادوەری گیراوە، بە تاوانی بەشداری لە مانگرتنی گشتیی مامۆستایان دەستبەسەر کراوە.