چاونیوز: وشەی پیرۆز بۆ کاتە خۆشەکان و لە سەرکەوتنەکان ڕەوایە
نەک بۆ کەسێک کە بەشێکی گرینگی لە جەستەی لەدەست داوە و بە ئازاری ڕۆحی و ڕەوانی لە کۆمەڵگایەکی سەقەتی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خێروبێر لە خۆی نەدیو بژیت.
کەم ئەندامانیش وەک هەموو دانیشتووانی یەک وڵات، هاووڵاتی ئەم وڵاتەیە، کە نە بە ئارەزوو و نە بە ئەنقەست تووشی ئەم چارەنووسە تاڵە بوونە، بەڵکو هۆکارێک(نەخۆشی ، تەسادوف و…) پاڵنەری ئەم دۆخە نگریسەیە.
تاکی کەم ئەندام سەرەڕای ئازاری ڕۆحی و جەستەیی، مەخابن بە هۆی بێ ئاگایی کۆمەڵایەتی کە سیستمی پەروەردە و ئەکتەرە حکوومی و کارگێڕیەکان نەیانتوانیوە بە ئەقلییەت و زێهنییەتێکی دروست بەرامبەر بە کەسایەتی کەم ئەندام ڕۆشەنگەری بۆ تاک و کۆمەڵگا دروست بکەن و بە پێی یاسا جیهانییەکان لە ڕووی ئیداری و یاسایی ماف و شایستەکانی خۆیانیان پێ ببەخشن.
کەم ئەندامی لە ڕوانگەی تاکەکانی تر بۆتە مایەی بەزەیی پێداهاتنەوە و سات نییە هەست و شعووری تاکێکی کەم ئەندام لەم کۆمەڵگا و سیستمە نابەرپرسیارەدا بە هۆکاری جیاواز بریندار نەکرێت و ئازار نە درێت.
لەوەها دۆخێکدا کە ئاگایی و شعووری گشتی بە نیسبەت کەم ئەندام و مافەکانی نییە، سیستمی پەروەردە نەیتوانیوە لە ڕێگای خوێندن ڕوانین بۆ کەم ئەندام بکاتە ڕوانینێکی تەندروست، لایەنی حکوومی ماف و شایستەکانی خۆیان پێ نابەخشیت، لە ڕووی ئیداری و کارگێڕی مافەکانیان لە بەرچاو ناگیرێت.
پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە، بێ ڕێزیەکی ترە بە بێ ڕێزیەکانی ڕابردوو.
ئەی مرۆڤەکان…
گەر دەتانهەوێت ڕێزی کەم ئەندام بگرن و ڕۆژی تایبەتیان بۆ پیرۆز ڕاگرن ڕوانگەی نەگەتیفتان بگۆڕن، چون ئەوان تەنیا لەبواری جەستەییەوە کەمایسیان هەیە لەبواری شعوور و هەست و تواناییەوە کەم وکورتیان نییە.
مافەکانیان لێ زەوت مەکەن و پێشیلی شایستەکانیان مەکەن.
وەک سەرباری کۆمەڵگا لێیان مەروانن.
لە پێناوی کەمترین مووچەی کەم ئەندامی سواڵ و سەدەقیان بۆ مەکەن.
ئیدارەی بێهزیستی لە دۆخی بەدزیستی (خراب ژیان) ڕزگار بکەن.
و…
بە هیوای وەدیهاتنی ئەم مافانە.