چاونیوز: درێژەی بەشی سێزدە…
خەڵکی نیشتەجێی سەر ئەم زەوییە پان و پۆڕە لە بواری باوەڕمەندیی ئۆلی یەکدەست و یەک ڕەنگ نین، واتە تاکە دینێک دەستەڵاتی نییە و لەلایەکی تریشەوە، خەڵکی جیهان هەر هەمووی باوەڕی بە ئۆل و ئایینەوە نییە، کەوابوو بۆچوونی ئۆلی مافەکانی مرۆڤ لە باشترین فۆڕمی خۆی کە لە خۆگری سەرجەم ئایینەکانی سەرگۆی ئەم زەوییە بێ ناتوانێت خۆی وەک تاکە ئۆلی جیهان داگر بناسێنێت. هەروەها لەلایەکی دیکەوە هەر دین و ئۆلێک کۆمەڵێک دەقی پیرۆز لەخۆ دەگرن کە ڕاڤە و شی کردنەوەی ئەو دەقانە بۆتە هۆی جیاوازی بیروبۆچوون لە نێوان لایەنگرانی، واتە دەست وێڕاگێشتن بە تاکە سەرچاوەیەکی سەقامگیر گەلێک چەتوونە، هەڵبەت دەکرێ ئەو بانگەشەیە بکەین کە لە بنەمای سەرەکی مافی ئینسانی، هاوبۆچوونی جێگیرە، بەڵام ئەو بنەما سەرەکییانە لە هێنانە ئارای کۆمەڵێک باس و پرسی سیستماتیک و پوخت لە هەمبەر مافەکانی مرۆڤ کە ڕۆژ دوای ڕۆژ بەربڵاوی و تێکچندراوی زیاتر خۆیا دەبێ، دەکرێ وەک شاکلیلی کێشيکان سەیری بکەین. ئەمە جگە لەوەیە کە هەر لە خودی ئەو بۆچوونانەش لەنێوان خاوەن ڕایان(باوەڕمەندان بە ئۆل) جیاوازی هەیە.
بۆ میناک، بنەمای بەرابەری کە ئاکامی پێویست و سەرەکی خولقاندنی هاوبەشی مرۆڤ لەلایەن خوایە- کە بنەمای سەرەکی باوەڕە دینییەکان پێک دەهێنێت- بەو تەوفیرەی کە لە نێوان کۆمەڵگای ئۆلی و کافرەکان، ژنان و پیاوان بووە و هەیە و ئەو کەموکوڕییانەی لەمەڕ کۆیلەکان هەبووە، لاواز دەبێتەوە.
هەر ئەوەندە دەڵێم و ئەو بەشەش کۆتایی پێ دێنم و دەچینە سەر لایەنێکی تری باسەکەمان، ئەگە بکرێ بە هەوڵ و تێکۆشینی باوەڕمەندانی ئەو هەمووە ئۆلە زیندووانەی ئەمڕۆ، بنەما و مافی هاوبەش وەک بنەمای مافەکانی مرۆڤ وێنا بکەین، ئەم شێوازە لە ماف چێژبەخشییەکی تایبەتی دەبێ لەهەمان کاتدا لایەنی خوایی و ئۆلی لە دەوری خول دەخوات و ئەو مرۆڤانەی باوەڕمەندن بە هەستێکی قەلبی و واجبێکی دینی ئەو ڕاسپاردانە بۆ گەشە و پاراستنیان جێبەجێ دەکات.
-دادپەروەری
یەکێک لە بنەماکانی مافی مرۆڤ کە بەڵگەمەندە و پشتی پێ دەبەستردرێ دادپەروەرییە (عدالت). لێرەدا ئەو پرسیارە دەکەین هەتا چەندە دەتوانین مافەکانی مرۆڤ بە پێوانەی دادپەروەری هەڵسەنگێنین و باسی بکەین. دەبێ ئەوندەش بڵێین کە هیچ لێکدانەوەیەکی یەکدەست لەسەر دادپەروەری بوونی نییە. لە ڕاستیدا چەمکی دادپەروەری لایەنی ئەخلاقی بۆ مافەکانی مرۆڤ بەرهەم دێنێ…