چاونیوز: ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، “حەیدەر قوربانی” زیندانیی سیاسیی کورد لەلایەن پارێزەرەکانیەوە ئاگادار کراوەتەوە کە حوکمی لەسێدارەدانی جێبەجێ دەکرێت.
“حەیدەر قوربانی” مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە گوندی بزوەشی سەر بە شاری کامیاران لەلایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و ئێستا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردستانی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەوەی ڕوونە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو پیشەی هەمیشەیی خۆی لەژێر ئەشکەنجەیەکی زۆرەوە دانپێدانانی لەو بەندکراوە سیاسییە وەرگرتووە و لە هەندێک کەناڵی تێلێڤیزیۆنی بڵاوی کردووەتەوە.
ناوەندی “هاشتاگ فۆرکورد” بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی “حەیدەر قوربانی” شەپۆلێکی تویتێری وەڕێ دەخات، هەر بۆیە داوا لە هەموو کوردستانییان و هەموو نەتەوە ئازادیخوازەکان دەکات کە یەکشەممە کاتژمێر ٨ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵمەتی تویتێری دژ بە لەسێدارەدانی “حەیدەر قوربانی” بەشدار بن.