لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی ژن و نەورۆز لە کوردستاندا، دەیان هاونیشتمانی، چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی و مافی ژنان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە، بەهۆی چالاکی و هەروەها لەبەرکردنی کەواوپانتۆڵی خاکی و جامانە، بانگ کراون یان بە تەلەفۆنی هەڕەشەیان لێ کراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لانیکەم سێ کەس لە چالاکانی مەدەنی و مافی ژنانی خەڵکی سنە بە ناوەکانی “سیمین چایچی، بەهار زەنگیبەند و سورەیا خدری”، بانگی ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی ئەم شارە کراون.
لەلایەکی دیکەوە ٨ چالاکی مەدەنیی تر بە ناوەکانی “تەیب چەتانی، لوتفوڵڵا ئەحمەدی، ئیقباڵ شەعبانی، خەبات دێهدار، جەماڵ ئەسەدی و پەیام فەتحی”، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بە تەلەفۆن هەڕەشەیان لێ کراوە کە هەرجۆرە هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردن یان بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ٨ی مارس، بەدواداچوونی یاسایی بەدوادا دێت. ئەم چالاکە مەدەنییانە کە هەموویان پێشینەی بانگکران و دسبەسەرکردنیان هەیە، لە بەرەبەری ٨ی مارسدا بانگ کراون یان هەڕەشەیان لێ کراوە.
هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەیان هاونیشتمانی و چالاکی فەرهەنگی لە شارە جیاجیاکانی کوردستاندا، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە و بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە کە نابێ بە کەواوپانتۆڵی خاکی و جامانەوە لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بەشداری بکەن.
لەم پەیوەندییەدا، دوای بانگکردن و دەسبەسەرکردنی چەندین کاتژمێرەی زیاتر لە ٦٠ هاونیشتمانیی خەڵکی مەریوان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراون و هۆشدارییان پێ دراوە کە نابێ بە کەواوپانتۆڵی خاکی و جامانەوە لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بەشداری بکەن.