ئاگاداری
هەوڵی سەرکوتی ناڕەزایەتیی مامۆستایان به پاساو و بیانووی پڕوپووچ
چاونیوز: بەپێ ئەو هەواڵ و بەڵگانەی بە “ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”(چاونیوز) گەیشتوون، دوای ئەوەیکە ماموستایانی قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران بۆ چەندەمین جار و بەشێوەیەکی مەدەنیانە ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر ڕەوشی خوێندن لە قوتابخانەکان (بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندی، هاوشێوەسازی خانەنشین کراوەکان، هەڵاواردنی سیستماتیک، خوێندنی بەخۆرایی و هەروەها مافی خوێندن بە زمانیی دایک) دەربڕیوە، ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ترسی گەشەسەندنی ئەو ناڕەزایەتییانە هەوڵی گرتن، سەرکوت، بەلاڕێدا بردن و چەواشەی داوخوازییە ڕەواکانیان دەدەن.
لەم باریەوە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە دامەزراوەیەکی حکومەتی لە شاری سنە بە “چاونیوز”ـی ڕاگەیاندووە: هێزە ئیتلاعاتییەکان بە مەبەستی هەڕەشەکردن له مامۆستایان و دەستبەسەرکردنی ماموستا دیار و بەرچاوەکان و سەرکوتی زیاتری ئەم ڕەوتە مەدەنییە، هەوڵی ئەوە دەدەن کۆبوونەوە و خۆپێشاندانەکان کە بەرهەمی ٤٣ ساڵ هەڵاواردن و بەڕێوەبردنی پڕ لە هەڵە و سەقەتی کاربەدەستانی ڕێژیمە، بە پڕۆژە و دەسکردی حیزبە سیاسییەکان ناوزەد بکەن و بەم پاساو و بیانووە پەلاماری مامۆستایان و بدەن و ناڕەزایەتییەکان بە توندترین شێوە سەرکوت بکەن.
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری پەروەردە وێڕای هەندێک ماڵپەڕو و بڵاوکراوەی سەر بە دامەزراوە نیزامی و ئیتلاعاتییەکان، لە سەر ئەساسی ئیدیعای ناڕاست و بێبنەما لە بڕی ئەوەیکە ئەو داوا ڕەوایانە جێبەجێ بکەن، تەواوی هەوڵەکەیان ئەوەیە کە سەربەخۆیی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و داخوازییە ڕەواکانیان بخەنە ژێر پرسیار و وا نیشان دەدەن کە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە پشت وەڕێخستنی ناڕەزایەتییەکانەوەن. ئەوە لە حاڵێک دایە کە ویست و داخوازیی مامۆستایان و رێکخەریی ئەسڵیی ئەم ناڕەزایەتییانە کانوونی سینفیی مامۆستایانی ئێران و کوردستانن و ڕەوتە سیاسییەکانی کوردستان دەستیان لە درووست کردنی ئەم ڕەوشە ناڵەبارەی ماموستایاندا نەبووە.
بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە ئەوەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بانگەشەی بۆ دەکەن جیا لە بیانوو و پاساوهێنانەوە بۆ هێرش بۆ سەر مامۆستایانی ناڕازی و سەرکوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکەیان کە بێگومان پشتیوانیی سەرجەم خەڵکی ئێران و کوردستان و هەر هێزێکی ئازادیخواز و مافویستی لە پشته، ناتوانێ هیچ شتێکی دیکە بێت.
هەوڵی سەرکوتی ناڕەزایەتیی مامۆستایان به پاسا و بیانووی پڕوپووچ
https://t.me/ikhrc