چاونیوز: لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا و لەبەرەبەری نوێ بوونەوەی ساڵ و جێژنی نەورۆز، هێزێکی زۆری ئیتلاعاتی و سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو ڕێگایانەی کە بەرەو شوێنی بۆنەی جێژنی نەورۆز کە لەلایەن خەڵکەوە دەستنیشان کراوە، گرتووە و بە هەڕەشە و وێنە گرتن لە ژمارە پلاکی ماشینەکان بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە نەتەوەییە لە کوردستان بگرن.
بەشێک لەو ناوچانەی کە بڕیار بووە بۆنەی شایی و جێژنی نەورۆزی لێ بەڕێوەبچێ و ئێستا لە ژێر چاودێری توندی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی دایە بریتین لە: ناوچەکانی تەرەغە(بۆکان)، چیای ڕووش (سەقز)، سەردۆش و نێ (مەریوان)، سیسێر و ڕەبەت(سەردەشت( قەڵاتۆک) شنۆ.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆنە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بە هەڕشەیەکی جیددی بۆ سەر خۆی دەزانێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە پڕ لە خۆشی و شادییە لە خەڵک بگرێت.